كیبۆردێک بۆ هەموو جۆرەکانی مۆبایل بەکاردێت

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ئاشكرایكرد، توانیویانە كیبۆردێك دروستبكەن، كە بە بلوتوس دەبەسترێتەوە بە هەرئامێرێكەوە و باترییەكەی لە كاتی پڕ كردنەوەیدا بەشی شەش مانگ دەكات.
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، دەڵێت: كیبۆردەكە كە ناوی (یۆنیڤێرساڵ مۆبایل كیبۆرد)یان لێناوە، دەتوانرێت بە بلوتوس ببەسترێتەوە بە هەر ئامێرێكەوە كە بە ویندۆز و ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس كار بكات، واتە بە نزیكەیی بۆ هەموو مۆبایل و كۆمپیوتەرێك دەبێت.
كیبۆردەكە بەرگێكی چەرمی لەگەڵە بۆ لەسەر دانانی مۆبایل و تابلێتەكان، بەو بەرگە چەرمەیەوە ئەستورییەكەی یەك سانتیمەترە.
لە كاتی پێكردنیدا بە خێرایی كۆنێكت دەبێت و باترییەكەشی لە كاتی تەواو شەحن كرنیدا بەشی شەش مانگ دەكات، بە تەنهاش (10) خولەك شەحن كردنەوەی، بەشی ئەوەدەكات شەو و رۆژێك بێ وەستان كاری پێبكرێت.
هەرچەندێك كۆمپانیاكە نرخی ئەو كیبۆردەی ئاشكرانەكردووە، بەڵام بە خەمڵاندنی پسپۆڕانی ئەو بوارە نرخەكەی لە نزیكی (50) دۆلاردا دەبێت و سەرەتای مانگی داهاتوو دەخرێتە بازاڕەوە.